دوو كەشتی نەوتهەڵگر دوای ئەوەی بەهاندانی سوپای ئەمریكا ویستیان بە گەرووی هورمزدا بپەڕنەوە ،بەر مینەچێندراوەكان كەوتن و ئاگریان گرت.
سوپای پاسدارانی ئێران لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، هێرشەكانی ئەمریكا نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا رابگن، بەپێی راگەیەندراوە ، ئەمڕۆ دوو كەشتی لە كاتی پەڕینەوە لە گەرووی هورمز لە دەرەوەی هێڵی كەشتیوانی كە لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دیاریكرابوو، بەهۆی بەركەوتنی مینەوە ئاگریان گرتووە.بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو دوو كەشتییە بە هاندانی سوپای ئەمریكا، هەوڵیانداوە بە ڕێگایەكی نایاساییدا بپەڕنەوە ، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كەشتییەكان بەر مینە چێندراوەكان بكەن و ئاگربگرن.
سوپای پاسداران لە مانگی ئاداری رابردوودا و لەسەرەتای گرژییەكاندا، سەدان مینی بە شێوەیەكی هەڕەمەكی و لە ڕێگەی بەلەمی بچووكەوە بە گەرووی هورمزدا بڵاو كردووەتەوە. كێشە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە بەشێك لەو مینانە جێگیر نین و بەهۆی شەپۆلەكانەوە لە شوێنی خۆیان نەماون،ئەمەش وایكردووە تەنانەت خودی ئێرانییەكانیش نەتوانن شوێنی وردیان دەستنیشان بكەن.