عیراق پلانی ستراتیجیی كەرتی نەوتی بۆ ساڵانی 2027-2030 تاووتوێ دەكات

کوردستان 11:05 AM - 2026/09/02

عیراق پلانی ستراتیجیی كەرتی نەوتی بۆ ساڵانی 2027-2030 تاووتوێ دەكات، كە تێیدا ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تا ساڵی 2030 بۆ نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكاتەوە. عەلی زەیدی داوا لەكۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بكەن.

كۆبوونەوەیەكی بەفراوان بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت و ژمارەیەك لە راوێژكاران، بە  مەبەستی تاوتوێكردنی پلانی ستراتیجیی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نێوان ساڵانی 2027-2030 بەڕێوەچوو.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە كە پێویستە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوتی، تواناكانی كەرتی وزە و رێژەی دانیشتوانی وڵاتەكەدا بگونجێت، بە جۆرێك كە بتوانێت پێداویستییەكانی هاووڵاتییان و داواكارییەكانی گەشەپێدان دابین بكات.

لەم چوارچێوەیەشدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دا بە زیادكردنی بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی كێڵگە نوێیەكانی گەڕان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی پلانەكە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر پێویستیی پەرەپێدان و نوێكردنەوەی ژێرخان و تواناكانی هەناردەكردن بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانكراوی بەرهەمهێناندا هاوتەریب بێت.

سەبارەت بە پرسی غاز، ڕێنمایی درا كە كار بۆ وەبەرهێنانی تەواوی غاز بكرێت ئەمەش بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیی بە وزە، كەمكردنەوەی بەفیڕۆدان و لە كۆتاییشدا گەیشتن بە قۆناغی خۆبژێوی و راگرتنی هاوردەكردنی غازی بیانی.

بەپێی راگەیەنراوەكە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ڕێنمایی درا بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەكانی پلانە ستراتیجییەكە و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تا ساڵی 2030
هاوكات وەزارەتی نەوت راسپێردرا بۆ ئامادەكاریی بەستنی كۆنفرانسێكی بەرفراوان كە تێیدا بانگهێشتنامە ئاراستەی كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت بكرێت، بە ئامانجی راكێشانی وەبەرهێنان، سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تەكنەلۆجیای جیهانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو