هەناردەی نەوتی عیراق لە گەرووی هورمز 60 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند

عیراق 01:31 PM - 2026/09/02

عیراق لە مانگی ئابدا ئاستی هەناردەی نەوتی لە ڕێگەی گەرووی هورمز و بەندەری جەیهانەوە بەرزكردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو كورتهێنانە داراییەی كە لە هەشت  مانگی رابردوودا رووبەڕووی وڵاتەكە بووەتەوە.

لەوبارەیەوە سەلیم ركابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندووە، هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەرەكانی باشوورەوە رۆژانە لە نێوان دوو بۆ دوو ملیۆن و 200 هەزار  بەرمیل بووە،تێكڕای هەناردەی مانگی ئابیش لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 60 ملیۆن بەرمیل نەوت و هەناردەكردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاشەوە رۆژانە لە نێوان 150 بۆ 180 هەزار بەرمیل بووە.

لای خۆشییەوە لێپرسراوێكی كۆمپانیای نەوتی باكوور رایگەیاندووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی مانگی ئابدا گەیشتووەتە 115 هەزار  بەرمیل، بەڵام تێكڕای مانگانەكەی كەمتر بووە لە  100 هەزار  بەرمیلی رۆژانە. هەروەها نەوتی كێڵگەكانی كەركوك رۆژانە 50 هەزار  بەرمیل بووە، كە كۆی هەناردەی ناوچەكانی باكووری لە دواین  رۆژی مانگەكەدا گەیاندووەتە 165 هەزار بەرمیل.

وەزارەتی نەوتی عیراق دەیەوێت لە مانگی ئەیلولدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیاد بكات و هەناردەی نەوتی كەركووكیش دوای  گەیشتنی نەوتی بەسرە بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، تا دۆخی دارایی وڵات جێگیر ببێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو