نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا لە عیراق كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هۆشدارییان داوەتە هاوڵاتیانیان كە بەهۆی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، ژینگەی ئەمنی ناوچەكە گۆڕانی چاوەڕواننەكراوی بەسەردا دێت و پێویستە ئامادەكاری بۆ هەر ئەگەرێكی نائاسایی بكەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و كونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر ڕایانگەیاندووە ،بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ لە گەشتكردن و داخستنی سنوورەكان لە ئارادایە.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەم هۆشداریەدا ، ئەو نوێنەرایەتیانە چەند رێكارێكیان بۆ هاووڵاتیانیان لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستۆتەروو، باسیان لەوەكردووە، بەردەوام چاودێریی دۆخی ناوچەكە و دەوروبەری خۆیان بكەن و دووربكەونەوە لە خۆپیشاندان، كۆبوونەوە گەورەكان و ئەو ناوچانەی هێزێكی ئەمنی زۆریان لێیە، هەروها داوایان لێكراوە ڕێنماییەكانی دەسەڵاتە ناوخۆییەكان جێبەجێ بكەن و ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی كاتی گەشتەكان بن و پەیوەندی راستەوخۆ بە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی گەشتە ئاسمانییەكان یان داخستنی كایەی ئاسمانی.
ئەم هۆشدارییە دوای زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆ سەر پێگەكانی سوپای پاسداران لە ناو خاكی ئێران دێت، كە تێیدا 11 كەس كوژراون و لە بەرامبەریشدا تاران بە مووشەك و درۆن وەڵامی دایەوە و چەند بنكەیەكی ئەمریكای لە ئوردن و بەحرەین و كوەیتو هەولێر كردە ئامانج.