حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت،حكومەت لە ماوەی 107 ڕۆژی تەمەنیدا ،توانیویەتی لە ڕێگەی یەكخستنی دەسەڵاتەكانیەوە سەركەوتنی بێپێشینە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا بەدەستبهێنێت كە لە دوای ساڵی 2003 وە نەبینراوە.
حەیدەر عەبودی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی ڕاگەیاند: حكومەتی عیراق، لە ماوەی 107 رۆژدا لەوەتەی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 14ی ئایاری 2026 بەدەستهێناوە، بەپێی ئەولەویەتەكانی سەروەری كاردەكات، ڕوونیشیكردەوە لە ناو ئەولەویەتانەدا دۆسییەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، كە بەپێی ڕێكارەكانی جێبەجێكردن بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی عەبودی،ئەم ڕێكارانە تەواوكەری بڕیارەكانی دەسەڵاتی دادوەری و ئەركەكانی دەستەی دەستپاكی و دیوانی كۆنترۆڵی دارایی و هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە ئەم یەكگرتنە لەنێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی فیدراڵیدا، سەركەوتنێكی بێپێشینەی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا بەدەستهێناوە كە لە چەندین ساڵی تەمەنی دەوڵەتی عیراقدا لە دوای ساڵی 2003 بەدەست نەهاتووە.
سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عەبودی روونیكردەوە پرۆسەی كشانەوەكە و تەسلیمكردنی شوێنەكان بە هێزە عیراقییەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و ئاسان بەڕێوەدەچێت. حكومەت چاوەڕوانی وادەی 30ی ئەیلوول دەكات كە وەك بڕگەیەكی گرنگی سەروەری بۆ عێراق دادەنرێت.
سەبارەت بە پرسی سنوورداركردنی چەك لە دەوڵەت وتەبێژی حكومەتی عیراق تەئكیدی كردەوە لەوەی، ئەم مەلەفە لە پێشەنگی بەرنامەی وەزاری دایە. رێوشوێنەكان نوێنەرایەتی گەڕانەوەی سروشتی دەكەن بۆ چوارچێوەی دەوڵەت و بنەما دەستوورییەكان. دەستوور تەنها ڕێگە بە هێزە چەكدارە رەسمیەكان دەدات چەكداری بن و ڕێگری لە دروستكردنی هەر گرووپێكی چەكداری لە دەرەوەی یاسا دەكات.