داواكاری پلەبەرزكردنەوە وشایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم ئاڕاستەی لیژنەی دارایی كران

کوردستان 02:42 PM - 2026/08/31

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  سێ‌ داواكاری گرنگیان ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانكرد ،كە یەكێك لە داواكارییەكان،پلەبەرزكردنەوە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بوو.

دكتۆر  بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسراوێكی بڵاوكردووەتەوە و باسی لەوەكردووە، بە ئیمزای 
بەشێك لە پەرلەمانتاران و پشتگیری سەرۆكی پەرلەمان، سێ داواكاریی گرنگ ئاراستەی لیژنەی دارایی كران، تا لە بودجەی داهاتوودا چارەسەرێكی یاسایی و دارایییان بۆ بدۆزرێتەوە، بەپێی نوسراوەكە داواكارییەكان بریتی بوون لە دابینكردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانكردنی پلەی تایبەت بۆ دەرچووانی كۆلێژەكانی پزیشكی ددان و دەرمانسازی، كە بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئابووریی ساڵانی ڕابردووەوە، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە، بە تایبەتی لەبەر پێویستیی بەردەوامی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان بە پسپۆڕییەكانیان.یەكێكی تر لە داواكارییەكان، ماف و شایستە دارایی و كارگێڕییەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە ، كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی كێشە داراییەكانەوە  دواخراون،داواكراوە  بە شێوەیەكی دادپەروەرانە جێبەجێ بكرێن و جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەكانی تری عیراق نەكرێت.
لە داواكارییەكاندا،پشتیوانی لە داواكاریی نزیكەی 700 مامۆستای وانەبێژی لادراو  كراوە، كە هەندێكیان بۆ ماوەی 10 تا 12 ساڵ خزمەتیان كردووە، بەڵام لە پرۆسەی گۆڕینی وانەبێژان بۆ گرێبەست بەشدار نەكراون ،بۆیە داوا كراوە مافیان بۆ  بگەڕێن درێتەوە و  خزمەتەكانیان لەبەرچاو بگیرێت و پێداویستیی دارایی بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دامەزراوە پەروەردەییەكان دابین بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو