بانكی ناوەندیی عیراق هۆشدارییەكی 10 خاڵی ئاراستەی بانكە مۆڵەتپێدراوەكان دەكات لەبارەی چۆنێتی ئاگاداربوون و چاودێریی مامەڵەی دارایی ئەو كەسانەی پۆستی باڵایان هەیە و چەند رێنماییەكیان پێدەدات كە دەكرێت ئاماژەبن بۆ گومان لەسەر ئەو لێپرسراوانە ، لەوانە، نەگونجاندنی سەروەت و سامانەكەیان لەگەڵ سەرچاوەی داهاتەكەیان.
بانكی ناوەندیی عیراق لە 26ی ئاب نووسراوێكی ئاراستەی سەرجەم بانكە مۆڵەتپێدراوەكان كردووە بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ جووڵە و چالاكیی دارایی ئەو كەسانەی پۆستی سیاسییان هەیە.
ئاگاداركردنەوەكە 10 خاڵە و ، لەسەر بنەمای یاسای بنبڕكردنی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆرە كە لە ساڵی 2015 دەرچووە. بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوە داوە پێویستە سرووشتی كاری سیاسیی ئەو كەسانە لەبەرچاو بگیرێ كە خاوەنی دەسەڵاتن و ئاگاداری سرووشتی ئەو چالاكییانە بن كە ئەنجامی دەدەن، لەگەڵ هەر ئاماژەیەكی مەترسیدار كە دەردەكەوێ و بە شێوەیەكی بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بكەن و بانكی ناوەندی لە ئاستی پابەندبوونی ئەو كەسانە ئاگادار بكەنەوە.خاڵێكی تری هۆشدارییەكە ئەوەیە كە بانكەكان رێكار بەرامبەر كەسانی سیاسی و خاوەن پۆست بگرنە بەر كە داوای كردنەوەی هەژماری بانكی بكات یان مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەیەكی دارایی جیهانی بكات.
ئەگەر كەسەكە ناوخۆیی یان بیانی و پۆستێكی باڵای بەدەستەوە بێت، ئەو رێكارانە پێویستە لە كاتی بەڕێوەبردنی پۆستەكە و دوای بەجێهێشتنیشی بگیرێتەبەر.بانكی ناوەندی بە پێویستی زانیوە بانكەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بەدواداچوون بكەن و زانیارییەكان لەبارەی ئەو كەسانە نوێ بكەنەوە، بۆ ئەوەی زانیارییان هەبێت لەسەر ئەو لێپرسراوانە و ئەندامانی خێزان و كەسە نزیكەكانیان، بانكی ناوەندی چەند ئاماژە و پێنوێنییەكی دیاریكردووە بۆ ئەوەی بانكەكان و دامەزراوە داراییەكان ئەگەر لە لێپرسراوان بەدییان كرد، لێكۆڵینەوە بكەن، لەوانە نەگونجاندنی سەروەت و سامانەكەیان لەگەڵ سەرچاوەی داهاتەكەیان، ئەنجامدانی چالاكیی دارایی بە قەبارەیەكی زۆر لە كاتی بەڕێوەبردنی پۆستەكەیان و دواتر، حەواڵە و مامەڵە لەگەڵ وڵاتان و ئەو ناوچانەی بە مەترسیدار ناویان هاتووە بەبێ پاساوی ئابووریی روون، بەكارهێنانی لایەنی سێیەم بۆ شاردنەوەی سوودمەندی راستەقینە یان سەرچاوەی پارە، بەدیكردنی مامەڵەی دارایی بێ پاساوی ئەندامانی خێزانەكەیان یان كەسە نزیكەكانیان، بوونی زانیاریی نەرێنی و سەلمێنراو كە پەیوەستە بە گەندەڵی و بەرتیل و فێڵ و تاوانی دارایی، پێشكەشنەكردنی زانیاری و بەڵگەنامەی پێویست لەبارەی سەرچاوەی پارە و سەروەت و سامانەكەیان و بەدیكردنی گۆڕانكاریی لەناكاو و بێ پاساو لە شێوازی مامەڵەكان و قەبارەی ناردنە داراییەكانیدا.