وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، توندترین سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنن، كە دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و داڕمانی تەواوەتی.
سكۆت بێسینت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی سی ئێن بی سی ئاماژەی بەوە كرد، روژی دووشەممەی داهاتوو كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی بۆ تاوتوێكردنی رێكارە نوێیەكان دژی ئێران رێكدەخرێت، راشیگەیاند، جێبەجێكردنی فشاری ئابووریی بۆ سەر تاران جددییە و هیچ گەڕانەوەیەكی خێرا بۆ دواوە لەئارادا نابێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا وتی، ئێران هەرەس دەهێنێت و ئێمە دەیروخێنین.
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا تەئكیدی كردەوە، ئەو گۆشەگیرییە ئابوورییەی رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، گەورەترین دەبێت لە مێژوودا، و وتی، كاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانان و وڵاتانی جیهان واز لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بهێنن. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، واشنتۆن كۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەكات، كە بڕێكی یەكجار زۆر نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.