دەستەی راگەیاندن بنكەكانی كۆڕەكی لە بەغداد داخست

کوردستان 07:50 PM - 2026/08/20

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق، ژمارەیەك لە بنكە و پێگەكانی كۆمپانیای پەیوەندییەكانی "كۆڕەك تیلیكۆم"ی لە شاری بەغدادی پایتەخت داخست.

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا پشتڕاستی كردووەتەوە، ڕێكارەكانیان جێبەجێ كردووە و بڕیاری داخستنەكە ژمارەیەك لە پێگە و بنكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە سنووری بەغداد گرتووەتەوە.

دەستەكە دەشڵێت، بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بنكەی سەرەكی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمی لە ناوچەی جادرییە و سێ بنكەی تری فرۆشتنی لە ناوچەكانی مەنسوور، عەرەسات و شەقامی فەڵەستین لە بەغداد داخست.

بەوتەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان، ئەم بڕیارە بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی مافی گشتییە، تاوەكو سنوورێك بۆ سەرپێچییەكانی كۆمپانیاكە دابنرێت و مافی بەكارهێنەران و دەوڵەت بپارێزرێت. 

بڕیاری داخستنی بنكەكانی كۆڕەك لەكاتێكدایە، ڕۆژی چوارشەممە دەستەكە پەیامێكی ئاڕاستەی بەكارهێنەرانی كۆڕەك كرد و پێی ڕاگەیاندن كە ژمارەی جێگرەوە بۆ هەژمارە دیجیتاڵیەكانیان دابنێن.
كێشەكانی كۆڕەك تیلیكۆم و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق  بەهۆی قەرز و شایستە داراییە كەڵەكەبووەكانە، كە بووەتە هۆی ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانییەكان و سەپاندنی سزای توند بەسەر تۆڕەكەدا.

وەك دەستەكە ڕایگەیاندووە، كۆمپانیای كۆڕەك قەرز و پارەی حكومەتی عیراقی نەداوەتەوە و لە كاتی خۆیدا پابەندی ڕێككەوتنە داراییەكان نەبووە، دوای ئەوەش دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق ڕێككەوتنی دارایی و سازانی پێشووی لەگەڵ كۆڕەك هەڵوەشاندەوە.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2023، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق چەند سزایەكی بەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمدا سەپاند، دیارترینیان ڕاگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان كۆمپانیاكە و هێڵەكانی تر بوو، هەروەها لە 18-2-2025، دەستەكە داوای لە وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق كرد دەستبەجێ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەسەر كۆمپانیاكە ببڕدرێت.

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق تۆمەتبار دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی ناپێویست و نایاساییی گرێبەستی پاكتاوی نێوانیان و ڕایدەگەیەنێت كە ئەو كارە لە دەسەڵاتی سەرۆكی جێبەجێكاری ئەو دەستەیەدا نییە.

ڕەهەندە دارایی و مێژووییەكانی ئەم كێشەیە ئاڵۆزییەكی زۆریان تێدایە، كۆڕەك تیلیكۆم كە خاوەندارییەتییەكەی بۆ سیروان بارزانی دەگەڕێتەوە، خاوەنی نزیكەی 10 ملیۆن بەشداربووە و بە بڕی یەك ملیار و 250 ملیۆن دۆلار قەرزاری دەوڵەتی عیراقە،ئەم سزادانە و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەكان گرفتی گەورەی بۆ ملیۆنان بەشداربووی هێڵەكانی كۆڕەك و تۆڕەكانی تر دروستكردووە و سەدان هەزار هاووڵاتی لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش كردووە. 
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو