مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، مافی رەوای كورد دەبێت لە دەستووردا بچەسپێنرێت و شێوازی یاسایی خۆی وەربگرێت. دەشڵێت، لە سوریای نوێدا دەبێت منداڵانی كورد بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆ لە وتارێكدا ڕایگەیاند، ڕووبەڕووی هێرشێكی گەورە بوینەوە و شەڕی مان و نەمانمان كرد، لاوانی كورد لە پارچەكانی ترەوە هاتن بۆ هاوكاریمان، لە سوریای نوێدا دەبێت منداڵانی كورد بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن و شۆڤێنیەت جێگەی نابێتەوە.
مەزڵوم عەبدی ڕاشیگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ماوەی 15 ساڵ ناوچەكە و هاووڵاتییانی ناوچەكەیان پاراست، بەڵام دوای رووخانی بەعس قۆناغێكی نوێ هاتووتە ئاراوە، ئێستا لەسەر بنەمای رێككەوتنی 29 كانوونی دووەم قۆناغێكی نوێی دەستیپێكردووە لە سوریا.
فەرماندەی هەسەدە وتیشی، لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامەی خۆمان تێكەڵی حكومەتی سوریا بووین، فیداركارییەكی مەزنمان كرد و هەزاران رۆڵەمان شەهیدبوون و دامەزراوەكانمان بەرهەمی خوێنی ئەوانە.
عەبدی دەشڵێت، قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكەین لەسەر بنەمای تێكەڵبوونی هێزەكانمان و ئیدارەكەمان بە حكومەتی سوریا، مافی رەوای گەلەكەمان دەبێت لە دەستوردا بچەسپێنرێن و شێوازی یاسایی خۆی وەرگرێت، تێكۆشانی سیاسیمان بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گەلەكەمان درێژە پێدەدەین.