وادەی 60 رۆژە بۆ یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد كۆتایی هات

عیراق 01:46 PM - 2026/08/17

ئەو وادەی 60 رۆژەی كە لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزا كرابوو، ئەمڕۆ بە بێ‌ هیچ رێككەوتنێكی یەكلاكەرەوە كۆتایی هات.

پێكهاتەی یاسایی یاداشتنامەكە كە لە 17ی حوزەیرانی رابردوو ئیمزاكرابوو جیاوازی لە نێوان وەستاندنی هەمیشەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و چوارچێوەیەكی كاتیی بۆ دانوستانەكاندا كرد. لە بڕگەی یەكەمیدا كۆتاییهێنان بە دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە هەموو بەرەكاندا دیاریكرابوو، لە كاتێكدا بڕگەی سێیەم زۆرترین ماوەی 60 ڕۆژی دیاریكرد بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی كۆتایی و پابەندكەر.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تائێستا بە رەسمی  درێژكردنەوەی ئەو وادەیەی ڕانەگەیاندووە، هەڵوێستی خۆی پاراستووە كە تاران پابەند نەبووە بە كردنەوەی گەرووی هورمز و دەستەبەركردنی ئازادی كەشتیوانی و بازرگانی نێودەوڵەتی.

لەبەرامبەردا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران  تەئكیدی كردەوە كە ئەوەی لە ئیسلام ئاباد ئیمزا كرا، كۆتاییهێنان بە شەڕ بووە ، نەك ئاگربەستێكی كاتی .تاران ئیدارەی ئەمریكای بە پێشێلكردنی مەرجەكانی یاداشتەكە و دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆكە و رەتكردنەوەی ئازادكردنی سامانەكەی بەپێی خشتەی كاتی ڕێككەوتن تۆمەتبار كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو