وەزارەتی بازرگانی عیراق دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیارانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، بڕی 350 ملیار دینار وەك شایستەی دارایی جووتیاران خەرج دەكرێت و بەشێك لەو پارەیەش بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.
مستەفا نەزار عانی وەزیری بازرگانیی عیراق رایگەیاند، خەرجكردنی ئەم پارەیە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتە بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بەهێزكردنی متمانەیان بە سیاسەتی كشتوكاڵی، تا بەردەوام بن لە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی ، مستەفا نەزار تەئكیدیشی كردەوە لەوەی دابینكردنی مافی جووتیاران لە پێشینەی كارەكانی حكومەتە، چونكە كەرتی كشتوكاڵ رۆڵێكی سەرەكی لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەكردنی دەرەكی دەبینێت،
ئەو وەزیرە باسی لەوەشكرد،گەنمی ناوخۆ بەرهەمێكی ستراتیژییە و پێدانی پارەی جووتیاران هانیان دەدات بۆ زیادكردنی رووبەری چاندن و گەیشتن بە ئاستی بەرزتر لە خۆبژێوی ، روونیشیكردەوە، وەزارەتەكەی بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی خەرجكردنی هەموو ئەو پارەیەی لای حكومەت ماوە، تا هەموو ئەو جووتیارانەی گەنمیان تەسلیمكردووە ، شایستە داراییەكانیان وەربگرن.
حكومەتی عیراق نزیكەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، كە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی ناو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، هەروەها نزیكەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا و تۆنی بە 500 هەزار دینار بوو ، بڕی 141 ملیار پارەی گەنمی پێشووش لای حكومەتی عیراق ماوە.