دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) دەڵێت، كۆتاییهێنان بە جەنگی سوپای وڵاتەكەی و پەكەكە دەبێتە دەستكەوتی هاوبەشی گەل، رەتیشی دەكاتەوە هیچ دانوستاندن و رێككەوتنێكی شاراوە لە ئارادا بێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی سەبارەت بە دوایین قۆناغی پرۆسەی چارەسەری كە لای لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بە پرۆسەی (توركیای بێ تیرۆر) ناسراوە، رایگەیاند: زۆرینەی رەهای گەلەكەیان پشتگیری لە توركیای بێ تیرۆر دەكەن و دەیانەوێ تیرۆر بە تەواوی نەمێنێت، باخچەلی باسی لەوەشكرد، توركیای بێ تیرۆر رێبازێكی دەوڵەتە، سەركەوتنی سیاسیی توركیایە و دەبێتە دەستكەوتی تەواوی گەلەكەیان،سەرۆكی مەهەپە هۆشداریشی دا لە بەرامبەر هەوڵەكانی تێكدانی پرۆسەكە و داوای كرد لە بەرامبەر هەوڵی لەو جۆرەدا چاوكراوە بن.
پرۆسەی چارەسەری لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پەكەكە بە ئامانجی كۆتاییهێنانی شەڕی چەندین دەیە و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەستی پێكردووە.
پەرلەمانی توركیا لە 10ی ئابی 2026 پرۆژەیاسای (بەهێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی) كە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرد.ئامانج لەو یاسایە، ئامادەكردنی زەمینەی یاساییە بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ توركیا.جێبەجێكردنی یاساكەش هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی تەواوەتیی پەكەكە وەك مەرجێكی سەرەكی دەستنیشان كردووە.