دوای 11 ساڵ كۆتایی بە سڕكردنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیەوێت لە ڕێگەی بودجەی ساڵی 2027ـەوە تەواوی ئەو پلە و شایستە فەوتاوانە بگەڕێنێتەوە كە فەرمانبەران بەپێی ساڵانی خزمەتیان شایستەی دەبن. ئەم هەنگاوە دەرگای بۆ یەكلاكردنەوەی یەكێك لە گەورەترین دۆسیە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد كردووەتەوە.
لەوبارەیەوە سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، پڕۆژەی پلەبەرزكردنەوە بەشێكە لە ئامادەكارییەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و وەزارەتی دارایی عیراق دەیەوێت بزانێت كۆی ژمارەی فەرمانبەران چەندە و چەندیان پلەكانیان بەرز نەكراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوی رەسمی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرە شایستەكان ڕەوانە بكەن.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو گشتاندنی بۆ سەرجەم دامەزراوەكان كردووە بۆ ئامادەكردنی لیستەكان. دكتۆر ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاشكرای كردووە كە هەر فەرمانبەرێك چەند پلەی فەوتابێت بۆی دەگەڕێندرێتەوە و بەپێی كۆی ساڵانی خزمەتەكەی پلە نوێیەكەی بۆ دیاری دەكرێت.
پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016ەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە. ئەم پڕۆسەیە كە نزیكەی 11 ساڵە وەستاوە، كاریگەریی گەورەی لەسەر مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەكانی فەرمانبەران هەبووە، بەڵام جێگیركردنی لە بودجەی 2027ی عیراق دەبێتە گەرەنتییەك بۆ خەرجكردنی شایستەكان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.