بەپێی زانیاری میدیاكانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەكە لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا،پڕۆژەیاسایەكی نوێی پەسەند كردووە كە هەرجۆرە لێدوان و پەیوەندییەك لەگەڵ میدیا بیانییەكان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئەمریكا و ئیسرائیلن یان لەلایەن ئەوانەوە پارەدار دەكرێن، بە تاوان دەناسێنێت و سزای زیندانیكردن و لێسەندنەوەی مافە مەدەنییەكانی بەسەردا دەسەپێنێت.
بەپێی پڕۆژەیاساكە كە بۆ چوونە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستی بە پەسەندكردنی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور هەیە، ئەنجامدانی چاوپێكەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو میدیایانەی نەیارن بە تەواوی قەدەغە دەكات و سەرپێچیكاران رووبەڕووی سزای شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانیكردن دەبنەوە، هەر بەپێی بڕگەكانی دیكەی پڕۆژەیاساكە، چاوپێكەوتن لەگەڵ میدیاكانی دیكەی دەرەوە مەرجداركراوە بە ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران،هاوكات پەیوەندیكردن بە باڵیۆزخانە و رێكخراوە بیانییەكانەوە بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی دەرەوە سزای دارایی و لێسەندنەوەی مافە مەدەنییەكانی لێ دەكەوێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی پڕۆژەیاساكەدا، سزای زیندانیكردن تا 30 ساڵ دیاریكراوە بۆ هەر پێشنیازێكی سیاسی یان یاسایی كە بە رێنمایی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەكان بدرێت و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بگەیەنێت، كە بڕیاردان لەو كەیسانەش دەخرێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاكانی شۆڕشەوە.
هەروەها، پێدانی زانیاری بە بیانییەكان بەبێ رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەكان و هاوكاریی زانستی لەگەڵ ئەو ناوەندانەی لە لیستی رەسمیدانین، قەدەغە كراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش تاران رێكاری توندی دژی پەیوەندی بە لایەنی بیانییەوە گرتووەتەبەر، بە جۆرێك هەر لەم مانگەدا فۆتۆجۆرنالیستێكی ئێرانی بەتۆمەتی ناردنی وێنە و چاوپێكەوتن لەگەڵ میدیا نەیارەكان، سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.