زەیدی سەردانی سعودیە دەكات

عیراق 07:57 PM - 2026/08/04

 سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد، دوای نێوەندگیری لایەنە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە دەكات.
ماڵپەرە هەواڵییەكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ڕایانگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندییەكی لایەنە سیاسییە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەكان ئەنجامدراوە كە وەك نێوەندگیر و بەمەبەستی كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان بەغداد و ریاز بووە، هەوڵەكانیش سەركەوتوو بوون.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكراوە، دوای نێوەندگیرییەكان بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو، سەردانی دواخراوی زەیدی بۆ سعودیە ئەنجامبدرێت، لەو ماوەیەدا لەسەر پرسی ئەمنی و ئابووری و وەبەرهێنان لەسەری رێكەوتن دەكرێت.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، سعودیە بەڵێنیداوە دوای ئەوەی هەفتەی داهاتوو زەیدی چووە ریاز، بەڵگەیەك بۆ بخاتەڕوو كە پشتڕاستیدەكەنەوە هێرشەكانی دژی ریاز لە ناو خاكی عیراقەوە ئەنجامدراون.
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و سعودیە هێرشی وردیان كردووەتە سەر شوێنەكانی دابینكردنی چەك و لۆجستی لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی عیراق، كە بە وتەی ئەو سەر بە گرووپەكانی نزیك لە ئێرانن. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەش، زەیدی سەردانەكەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە، كە بڕیار بوو پێنجشەممەی رابردوو، رۆژێك دوای بۆردومانەكان ئەنجامبدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو