لە دهۆك هاووڵاتییەكی شنگال بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

کوردستان 10:28 AM - 2026/08/04

 لە پارێزگای دهۆك هاووڵاتییەكی شنگال كە پیشەی قەساب بووە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.
بەختیار بەكر، بەڕێوەبەری نەخۆشییە گوازراوەكان لە پارێزگای دهۆك راگەیاند، هاووڵاتییەكی تەمەن 41 ساڵ كە دانیشتووی قەزای شنگالە و پیشەی قەساب بووە، دوای تووشبوونی بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆك گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەری نەخۆشییە گوازراوەكان لە پارێزگای دهۆك راشیگەیاند، ئەو هاووڵاتییە لە 25ـی حوزەیران سەردانی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆكی كردووە و لە 27ـی مانگ ئەنجامی پشكنینەكانی گەڕاوەتەوە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە.

وتیشی، حاڵەتێكی گوماناوی تریش هەیە، كە هاووڵاتییەكی دهۆكە و پشكنینی بۆ ئەنجام دراوە و رەوانەی بەغداد كراوە و چاوەڕوانی هاتنەوەی ئەنجامەكەی دەكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەواشیان ئاگاداركردووەتەوە سەبارەت بەو حاڵەتانە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لە پارێزگاكەیان.
بەپێی ئامارە فرەسمییەكان، ئەمە یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوون لە ماوەی ئەمساڵدا لە پارێزگای دهۆك.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو