وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، ئەو كەشتیانەی نەوتی عیراقیان هەڵگرتووە، بە سەلامەتی گەرووی هورمزیان تێپەراند، وەزرارەتەكە دەشلێت، بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوتی خاو .
سەلیم ركابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، جوڵەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عیراق لەرێگەی گەرووی هورمزەوە بەردەوامە و كەشتییە نەوتهەڵگرەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی بە گەرووەكەدا تێدەپەڕن.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تێپەراندنی گەرووەكە بەرپرسیارێتیی رێڕەوی كەشتییەكان و وەرگرتنی مۆڵەتە پێویستەكان و پرۆسەی گواستنەوەكە بەتەواوی دەكەوێتە ئەستۆی كڕیارەكان و وەزارەت خاوەندارێتی ئەو كەشتییانە ناكات كە بەشێكیان بارەكەیان دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت تەئكیدی لەوەشكردەوە، كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) راستەوخۆ لەڕێگەی سیستەمی جیهانیی چاودێرییەوە بەدواداچوون بۆ جوڵەی كەشتییەكان دەكات تاوەكو گەیشتنیان بە پاڵاوگەكان.
لەبارەی ئاستی هەناردەكردنیش، ناوبراو تەئكیدی لەسەر بەرزبوونەوە و باشتربوونی پلە بە پلەی فرۆشی نەوتی عیراق كردەوە لەم مانگانەی دواییدا و رایگەیاند، ئەنجامی فرۆشتنی مانگی رابردوو لە مانگەكانی پێشوتر باشتر بووە، ئەمەش نیشانەی چاكبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هەناردەكردنەوەیە بەراورد بەو قۆناغەی دوای قەیرانی هەناردەكردن لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هاتە ئاراوە.
رۆژی رۆژی رابردوو، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان بۆئەوە كەشتیە نەوتهەڵگرەكانیان گەرووی هورمز تێپەڕێنن.