دانوستانەكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما؛ چەكی حزبوڵا لەسەر مێزی دانوستانە

عیراق 11:58 AM - 2026/08/04

ئەمڕۆ سێشەممە، خولی حەوتەمی دانوستانەكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما دەستپێدەكات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

باڵیۆز سیمۆن كەرەم سەرۆكایەتی وەفدی لوبنانی دەكات، بە بەشداریكردنی باڵیۆز نەدا حەمادە و لێپرسروانی باڵای مەدەنی و سەربازی. لە بەرامبەردا، وەفدی ئیسرائیلی پێكهاتووە لە یەحیێل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا،و یۆسی درازنین جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای مەدەنی و سەربازی. 

لە هەمان كاتدا، چاوەڕوان دەكرێت وەفدی ئەمریكی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) لەخۆ بگرێت.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكی راگەیاندووە، تیمە تەكنیكییەكان كار لەسەر چارەسەركردنی كۆمەڵێك پرسی پەیوەندیدار بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی چوارچێوە دەكەن. 

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، خولی نوێی دانوستانەكان تیشك دەخاتە سەر رێگاكانی بەهێزكردنی كاری "ناوچە تاقیكارییەكان یان ئەزموونییەكان" و چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكان، هەروەها بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی رۆما پرسی دڵنیابوون لە داماڵینی چەكی حـ.ـزبوڵا تاوتوێ دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، دانوستانەكان باس لە بەدیهێنانی پێشكەوتن بەرەو "رێككەوتنی ئاشتی و ئاسایشی گشتگیر" دەكەن. تەئكیدی لەوەشكردەوە، رێككەوتنی چوارچێوە دەبێت رێگە بە دەوڵەتی لوبنان بدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی باشووردا بسەپێنێتەوە. 

سەرچاوەكە باسی لەوەشكردووە،  دەبێت ژێرخانی پەیوەندیدار بە چەكی حـ.ـزبوڵا لەناو ببرێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی بەردەوام لە لوبنان. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، چەكی حـ.ـزبوڵا دەبێت تەنها و تەنها لەژێر كۆنتڕۆڵی دەوڵەتی لوبناندا بێت.

رۆژی لە 26ی حوزەیران، لوبنان و ئیسرائیل دوای 5 خولی دانوستان رێككەوتنێكی چوارچێوەییان ئیمزا كرد، دەقەكەی كۆمەڵێك خاڵ لەخۆدەگرێت لەوانە: داماڵینی چەكی حـ.ـزبوڵا، كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل لەو خاكانەی لە باشووری لوبنان كۆنترۆڵی كردوون لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنان لە "ناوچە تاقیكارییەكان".

بەپێی رێككەوتنی چوارچێوە، وا بڕیارە سوپای لوبنان دوای بڵاوبوونەوەی لە "ناوچە تاقیكارییەكان" كار بكات بۆ داماڵینی چەكی حـ.ـزبوڵا لەو ناوچانە و قەدەغەكردنی هەر بوونێكی سەربازیی هەر گرووپێك لە دەرەوەی هێزەكانی حكومەت، بە شێوەیەك كە ئەمە ببێتە ئەزموونێك بۆ كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل لە ناوچەكانی تر.

خولی شەشەمی دانوستانەكان بووە هۆی رێككەوتن لەسەر كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە دەوروبەری شارۆچكەی "زەوتەر غەربیە" كە یەكێكە لە "ناوچە تاقیكارییەكان" بەپێی رێككەوتنەكە، پێش ئەوەی سوپای لوبنان تێیدا بڵاوببێتەوە و دوای كارەكانی پشكنین و مینڕێژكردن رێگەی بە دانیشتووانەكەیدا بگەڕێنەوە ناوچەكە.

جێی بەبیرهێنانەوەیە، شەڕی كۆتایی دوای ئەوە سەریهەڵدا كە حـ.ـزبوڵا وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكە، موشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە هەڵمەتێكی فراوانی هێرشی ئاسمانی و هێرشی زەمینی بۆ سەر باشوور وەڵامی دایەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو