عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق ڕێککەوتنی عیراق - تورکیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی عیراق لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، بە دەستکەوتێکی ستراتیژی وەسف دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، عیراق و تورکیا ڕێککەوتنێکی کاتی یەک ساڵەیان ئیمزا كرد بە مەبەستی هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
لەوباریەوە عەلی زەیدی لە سەكۆی ئێكس پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو نوسیویەتی، ئەو هەنگاوە دەستکەوتێکی ستراتیژی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی هەناردەکردنی نەوتەکەمان و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عیراق و تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیا عیراقی و تورکیاییەکان دەست بە کارەکانیان دەکەن، هاوکات هەردوو حکومەت کاردەکەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێککەوتنە هەمەلایەنەیە کە نەوت و کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو و بوارەکانی تری هاوکاری لەخۆدەگرێت کە بەرژەوەندی هاوبەش بەرز دەکەنەوە و پاڵپشتی گەشەپێدان و سەقامگیری دەکەن.