سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت، دوای هێرشەكانی ئەمریكا و سعودیە بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی، عیراق كار دەكات بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چڕكردنەوەی چالاكییە هەواڵگرییەكانی.
دەشڵێت، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فەرمانی كردووە بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاگاداركردنەوە و ئامادەباشی لە هەموو سەربازگە و بنكەكان و خێراكردنی جێبەجێكردنی پلانی پڕچەككردن بە سیستمەكانی ڕادار، ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و بەرگریی ئاسمانی مۆدێرن.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، كار دەكرێت بۆ نوێكردنەوەی پلانە هەواڵگرییە خۆپارێزییەكان بۆ پوچەڵكردنەوەی هەر بە ئامانجگرتن یان هەوڵێكی دزەكردنی پێشوەختە. تەئكیدیشی لەسەر كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و رێگریكردن لە هەر هەڵسوكەوت یان جووڵەیەكی تاكەكەسی نابەرپرسانە كردەوە.
لێدوانەكەی سەباح نوعمان لە كاتێكدایە كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەمریكا و سعودیە هێرشێكی ئاسمانییان كردە سەر چەند بارەگایەكی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا 20 چەكدار كوژران، دوای هێرشەكە ریاز دەستەی حەشدی شەعبی تۆمەتبار كرد بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی.