ئەلمۆنیتەر: ئەمریكا سیستەمی بەرگری پاتریۆت لە هەولێر دەكشێنێتەوە

کوردستان 03:37 PM - 2026/08/01

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریكا دەستپێكردنی قۆناغی كۆتایی پاشەكشە و دەرچوونی هێزەكانی لە خاكی عیراق دەستپێكردووە، بە جۆرێك كە دوایین هێزەكانی لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر لە هەرێمی كوردستان كشاونەتەوە و سیستمی دژەمووشەكیی پاتریۆت لەو ناوچەیە گواستراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەرەكە بڵاویكردووەتەوە، سیستمی مووشەكیی خێرای پاتریۆت كە بۆ تێكشكاندنی مووشەك و درۆنەكان بەكار دێت، لە بنكە سەربازییەكەی نزیك هەولێر گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار. پاشەكشەكە لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێكردووە و هێزەكان لەگەڵ ئامێرە قورسەكانیان لە پرۆسەی چوونەدەرەوەدان، هەرچەندە هەندێك چەكی بەرگریی تر هێشتا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

لێپرسراوانی ناوچەكە ئەم كشانەوەیە وەك بەشێك لە خشتەی كاتی ڕێككەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغداد دەناسێنن، كە بڕیارە تا 30ی ئەیلوولی داهاتوو سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بكشێنەوە.

بەڵام هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، كوردی خستووەتە دۆخێكی مەترسیدارەوە و هەستیان بە بێ پەنایی كردووە.
لە كاتی دەستپێكردنی ململانێكانەوە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، فڕۆكەخانەی هەولێر و پێگەكانی ئەمریكا چەندین جار كەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەكی و درۆنی، بەڵام سیستمی پاتریۆت توانیویەتی نزیكەی 95٪ی ئەو هێرشانە تێكشكێنێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی ڕاپۆرتێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، لەگەڵ تێكچوونی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێران، پاشەكەوتی مووشەكە بەرگرییەكانی پاتریۆتی ئەمریكا بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بە جۆرێك لە كۆی سیستمی گشتی، ڕێژەیەكی بەرچاو لە مووشەكەكان لەدەستچوون و ساڵانە تەنیا 183 مووشەكی نوێ بەرهەم دەهێنرێن، ئەوەش وایكردووە واشنتۆن سەرچاوەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بەپێی مەترسییەكان دابەش بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو