قەیرانی كەمی غاز لە پارێزگای سلێمانی بەتەواوی كۆتایی هاتو لە ئەمڕۆشەوە نرخی غازی بازرگانی بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیووەو هەر بەنزینخانەیەك پابەندی دابەزاندنی نرخ نەبێت، سزا دەدرێت.
سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: كێشە و قەیرانی كەمی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە یەكجاری كۆتایی هاتووەو ئێستا ئامادەكارییەكان بۆ كۆگاكردنی غاز وەك رێكارێك بۆ وەرزی زستانی داهاتوو دەستیان پێكردووە.
سەبارەت بە نرخی نوێی غازی بازرگانیش وتی، نرخی یەك لیتر غازی شۆفاژ و تانكەر بۆ ئەو ماڵانەی تانكی گەورەیان هەیە لە 850 دینارەوە دابەزیووە بۆ 420 دینار، هاوكات نرخی یەك لیتر غاز لە بەنزینخانەكان لە 850 دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ 600 دینار.
لەلایەكی ترەوە بە مەبەستی ئاسانكاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان لە گەڕەكەكاندا، بڕیاردراوە پشكی هەر خێزانێك لە بتڵەغازی ماڵان لە یەك بتڵەوە بكرێت بە دوو بتڵ غاز، نرخەكەشی بە هەمان نرخی پاڵپشتیكراوی پێشوو دەبێت كە 8500 دینارە بۆ هەر بتڵێك.