سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان گەیشتە دیمەشق

عیراق 03:31 PM - 2026/07/25

بۆ یەكەمجار ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە سوریا‌و لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریاوە پێشوازی لێكرا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت سوریایەكی دیموكرات ببینین‌و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی سوریا.

وتیشی: گەلی سوریا بەرگەی چەندین ساڵ دۆخی سەختیان  گرت. سەبارت بە هێرشەكانی ئیسرائیلیش، دووپاتیكردەوە كە دەبێت سنورێك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل دابنرێت.

سەردانەكەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس بۆ سوریا، یەكەم سەردانی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ سوریا لە دوای ساڵی 2009، كە ئەوكات (بان كی مۆن) سكرتێری ئەوكاتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو.

لای خۆشیەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: تا ئێستا سێ ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە بۆ سوریا. ئاماژەی بەوەشكرد، دیمەشق ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی گرووپە چەكدارەكانیش وتی: حكومەتی نوێی سوریا توانیویەتی چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆبكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو