حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق كارنامەی سەردانەكانی، عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراقی بۆ تاران و ئەنكەرە ئاشكراكرد و رایگەیاند، سبەی زەیدی دەچێتە ئێران و پرسەكانی پەیوەست بە وزە و دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەكان لە نێوان بەغداد و تاران تاوتوێدەكات.
حەیدەر عەبودی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە عەلی زەیدی، بە سەردانێكی رەسمی دەچێتە وڵاتی ئێران. لەم دیدارەدا پرسەكانی پەیوەست بە وزە و دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەكان لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ دەكرێن. عەبودی ئاماژەی بەوەش كرد ،پرسی گرووپە چەكدارەكان لەگەڵ لایەنی ئێرانی باس ناكرێت و لە كارنامەی سەردانەكەدا نییە.
سەبارەت بە كەرتی وزە و چاكسازیی ناوخۆیی، وتەبێژی حكومەتی عیراق تەئكیدی كردەوە لەوەی، عەلی زەیدی پابەندە بە دابینكردنی پاراستنی تەواو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان تا بتوانن بەردەوام بن لە كارەكانیان. هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بەبێ وەستان بەردەوام دەبن.
دوای كۆتاییهاتنی دیدارەكانی لەتاران، بڕیارە سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕاستەوخۆ سەردانی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بكات. حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند، عەلی زەیدی لەتوركیا دۆسیە گرنگەكانی وەك پرسی ئاو و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان لەگەڵ لیًَپرسراوانی توركیا تاوتوێ دەكات.