وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بۆ ڕێكخستنی نرخی بەنزین بە كوالێتی( نۆرماڵ) و ( موحەسەن) و ( سوپەر) چەند بڕیارێكی دەركردووە.نرخەكانیش لەنێوان 750 بۆ 1200 دینار جێگیر كران.
بڕیاری یەكەم سەبارەت بە بەنزینی كوالێتی نۆرماڵە و نرخی فرۆشتنی بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە كوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەكان لیتری بە 750 دینارە.هەروەها نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی بە كوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەكان نابێت لە 850دینار زیاتر بێت.
بڕیاری دووەمیش،سەبارەت بە بەنزینی كوالێتی موحەسەنە لە بەنزینخانەكان و نابێت لە هەزار دینار زیاتر بێت.
بڕیاری سێیەمیش، سەبارەت بە بەنزینی كوالێتی سۆپەرە لە بەنزینخانەكان و نابێت لە هەزارو 200 دینار زیاتر بێت.
لە بڕیاری چوارەمدا هاتووە، كوالێتی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سۆپەر پێویستە بە گوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بێت.
ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە، 20 ی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڕیاریدا نرخی بەنزینی نۆرماڵی حكومی نابێت لە 750 دینار زیاتر بێت، بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیش لە 850 دینار، دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێك بوو، نرخی بەنزین لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرزببوەوە و لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 1200 بۆ 1500 دیناردا بوو و نرخی بەنزینی سوپەریش لە نێوان 1750 بۆ 1950 دینار، لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا بۆ یەكەمجار بوو نرخەكە بەوشێوەیە بەرزببێتەوە.
نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم پاڵپشتی ناكات هاوشێوەی عیراق نییە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان سوتەمەنی پێویست و پاڵاوگەی هەیە.
لە هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ئابی 2013 لیترێك بە 500 دینار بووە، لە 2026 دا ئەو نرخە بە گشتیی گەیشتە 1000 دینار، ئێستاش بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر لەنێوان 750 بۆ 1200 دینار بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان جێگیر كراوە.
هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە پێنج ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام تەنها یەك ملیۆن لیتری لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت و ئەوی تری هاوردە دەكرێت.