ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم قەرزی كارەبا تاوتوێ دەكات

کوردستان 10:02 AM - 2026/07/22

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ، لێخۆشبوونی سەرپێچیی هاتووچۆ، مۆڵەتی بێ مووچە و قەرزی كارەبا تاوتوێدەكات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ، سێ‌ بڕگە تاوتوێدەكرێن كە لە بڕگەی یەكەمی كارنامەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیارێكی وەزارەتی ناوخۆ دەدات بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنەكە كە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچییەكانی هاتووچۆ تا 31 ی 12 ی 2026.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە خستنەڕووی راپۆرتێكی هاوبەشی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، سەبارەت بە دۆخی كارەبا و سووتەمەنی. تیایدا بڕیار لەسەر پێشنیارێك دەدرێت بۆ پێدانی ئاسانكاری بە هاووڵاتیان لە رێگەی داشكاندنی بڕێك لەو پارەیەی كارەبا كە لەسەریان كەڵەكە بووە.

لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەسەر چەند راسپاردەیەكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، كە تایبەتن بە رێكخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان، كە پێشتر لە ساڵی 2015 رێسای بۆ دەركرابوو.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، كە بۆ سكرتارییەتی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، داواكراوە ماوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20% لە سزای سەرپێچییەكانی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی تر درێژ بكرێتەوە.بەپێی نووسراوەكە، داوا دەكرێت ئەم بڕیارە لە  یەكی حەوتی 2026 تا 31 ی 12 ی 2026 بەردەوام بێت.

بەپێی بەڵگەنامەكانی سەرۆكایەتیی دیوان، حكومەت كار لەسەر رێكخستنەوەی رێنمایی ژمارە چواری ساڵی 2015 و رێنماییەكانی دواتر دەكات.
بەپێی پێشنیارە نوێیەكان، فەرمانبەران دەتوانن بۆ پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و بۆیان درێژ بكرێتەوە تا 10 ساڵ. هەروەها بۆ مامۆستا و پزیشك و دەرمانسازان تەنیا دوو ساڵ مۆڵەت رێگەپێدراوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو