رۆیتەرز: هیندستان كڕینی نەوتی عیراقی راگرت

عیراق 10:41 AM - 2026/07/22

بەهۆی توندبوونەوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، عیراق یەكێك لە گەورەترین كڕیارە جیهانییەكانی نەوتەكەی لەدەست دەدات و كۆمپانیا هیندییەكان پرۆسەی باركردنی نەوتیان لە بەسڕە راگرت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دامەزراوەی نەوتی هیندستان پرۆسەی باركردنی كەشتییە نەوتییەكانی لە بەسڕە هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەم بڕیارە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هوورمز و توندبوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریكاو ئێرانەوە هەیە كە كاریگەری كردووەتە سەر ئاسایشی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەكەدا.بەپێی زانیارییەكانی سێ سەرچاوەی جیاواز لەناو حكومەتی هیندستان، كۆمپانیای پاڵاوتنی حكومی ئەو وڵاتە كە بە مانجالور ناسراوە، سەرجەم گرێبەستەكانی كڕین و هاوردەكردنی نەوتی عیراقی هەڵوەشاندووەتەوە.

كۆمپانیاكە لەدواین ساتەكاندا پرۆسەی باركردنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی راگرتووە، كە بڕیار بوو لە  23ی ئەم مانگە لەو كەشتییەدا باربكرێت كە لە بەندەری بەسڕە لەنگەری گرتبوو.

كۆمپانیا هیندییەكانی خاوەن كەشتیگەلی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی كەشتیوانی، كارمەندەكانی خۆیان ئاگادار كردووەتەوە كە بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنی و توندبوونەوەی ئاڵۆزییەكان، بە هیچ شێوەیەك لە گەرووی هوورمز نزیك نەبنەوە و خۆیان لەو ڕێڕەوە دوور بخەنەوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەككەوتنی گواستنەوەی نەوتی خاوی عیراق بۆ ئەو وڵاتە.

عیراق یەكێكە لەسەرەكیترین دابینكەرانی نەوتی خاو بۆ هیندستان. لەساڵی 2025دا، نەوتی عیراق نزیكەی سەدا 20 ی  كۆی گشتی هاوردەكردنی نەوتی هیندستانی پێكدەهێنا. پێشتر هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەو وڵاتە گەیشتبووە یەك  ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەوەش هیندستان دوای وڵاتی چین، بە دووەم گەورەترین كڕیاری نەوتی عیراق لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو