درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگرێكی گەورە لە بەرزاییەكانی شاخی گۆیژەی شاری سلێمانی كەوتەوە، دوای سێ سەعات لە هەوڵی تیمەكانی بەرگریی شارستانی و خۆبەخشان توانرا كۆنترۆڵ بكرێت.
سەعات 11:30 شەوی ڕابردوو ئاگرەكەی شاخی گۆیژە دەستیپێكرد، لەگەڵ دەستپێكی ڕووداوەكە، چەندین تیمی بەرگریی شارستانی بە هاوكاریی ژمارەیەك لە گەنجانی خۆبەخش و لایەنە پەیوەندیدارەكان، گەیشتنە گۆیژە و لە ئاڕاستەی جیاوازەوە هەڵمەتێكی بەپەلەیان بۆ كوژانەوەی ئاگرەكە دەستپێكرد.
لەبارەی ڕووداوەكەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرەڕای بوونی ڕەشەبایەكی بەهێز كە ئاستەنگی گەورەی بۆ تیمەكان دروستكردبوو، بەڵام هەموو هەوڵەكان بە ئامانجی زوو كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە و كەم كردنەوەی زیانە ژینگەیییەكان و پاراستنی ناوچەكە بوو.
دوای سێ سەعات بەرگریی شارستانیی سلێمانی كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ئاگرەكەی ڕاگەیاند، ئاشكراشی كرد لەبەر بەردەوامیی بای بەهێز و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئاگرەكە بەهۆی پشكۆكان، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە شوێنی ڕووداوەكە وەك چاودێر ماونەتەوە و بەردەوامبوون لە پشكنینی وردی ناوچەكە بۆ ڕێگریكردن لە هەر سەرهەڵدانەوەیەكی نەخوازراو.
ئاگرەكە زیانێكی زۆری بە پوشوپەڵاش و درەختەكانی چیاكە گەیاندووە و بووەتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەك لە باڵندە و زیندەوەرە كێوییەكانی ناوچەكە.