ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێی كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا كۆدەبێتەوە

عیراق 01:42 PM - 2026/07/22

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ،بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیە داراییە كۆنەكان و هەمواركردنەوەی چەند یاسایەكی گرنگ كۆدەبێتەوە، كە تێیدا ژمێرەی دارایی چوار ساڵی رابردوو و یاسای بازرگانی بە مرۆڤ تاوتوێ دەكرێن.

سبەی  پێنج شەممە 23 تەمموز، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق  دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. بەپێی كارنامەی ڕاگەیەندراو، دانیشتنەكە لە نۆ تەوەری جیاواز پێكهاتووە كە تێیدا كۆمەڵێك پڕۆژەیاسای ستراتیژی و دارایی دەخرێنە بەر باس و لێكۆڵینەوە.چوار تەوەر لە كارنامەی كۆبوونەوەكە تەرخانكراون بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاسای پەسەندكراوی ژمێرەی دارایی كۆتایی ساڵانی 2012، 2013، 2014 و 2015. ئەم خوێندنەوەیە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی وردەكارییە داراییەكانی ئەو چوار ساڵە و داخستنی دۆسیە ژمێریارییەكانیان.تەوەری پێنجەمی دانیشتنەكە تایبەتە بە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاسای هەمواركراوی یەكەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012. پەرلەمان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هەمواركردنەوەیە پەرە بە ڕێكارە یاساییەكان بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لەناو وڵاتدا.تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بریتییە لە خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیارە یاسای هەمواركراوی دووەمی یاسای سندوقی قەرزی كشتوكاڵی ژمارە 28ی ساڵی 2009. ئەم تەوەرە لەلایەن لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامادەكراوە و ئامانجی دەستكاری كردنی مەرج و ڕێكارەكانی پێدانی قەرزە بە جوتیاران.جگە لەو یاسایانەی ئاماژەیان پێكرا، دوو تەوەری تری  یاسایی لە كارنامەكەدا جێگیر كراون. هەروەها بڕگەی كۆتایی دانیشتنەكە تەرخانكراوە بۆ گفتوگۆی گشتی، تا پەرلەمانتاران بتوانن لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی وڵات را و سەرنجەكانیان ئاڵوگۆڕبكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو