وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ڕێكخستنەوەی میلاكاتدا زنجیرەیەك بڕیاری نوێی دەركرد، كە تیایدا گواستنەوەی مامۆستایان لە پەروەردەیەك بۆ پەروەردەیەكی تر رادەگرێت.
بەپێی نووسراوێك كە ئیمزای وەزیری پەروەردەی لەسەرە، گواستنەوەی مامۆستایان بۆ دەرەوەی سنووری پەروەردەكەی خۆیان ڕاگیراوە. هەرچەندە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكات لە ناوخۆی سنوورەكەیان، بەڵام تەنها لە یەك حاڵەتدا ڕێگە بە گواستنەوەی مامۆستا بۆ پەروەردەیەكی تر دەدرێت، ئەویش ئەگەر مامۆستاكە لە میلاكی پەروەردەكەی خۆی زیادە بێت، ئەوا تەنیا بە شێوەیەكی كاتی دەگوازرێتەوە.
لە بڕیارە نوێیەكەدا، وەزارەتی پەروەردە بەشە وانەی مامۆستایانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دیاریكردووە. بەجۆرێك هەر مامۆستایەك لە قۆناغی 1 بۆ 9ی بنەڕەتی دەبێت 24 بەشەوانەی هەفتانەی هەبێت. بۆ مامۆستایانی قۆناغی ئامادەییش، 22 بەشەوانەی هەفتانە دیاریكراوە.
بەشێكی تری نووسراوەكە تایبەتە بە گۆڕینی ناونیشانی مامۆستایان، تێیدا هاتووە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت ناونیشانی مامۆستا بگۆڕدرێت بۆ فەرمانبەر. ئەو گۆڕانكارییەش تەنها لە یەك بارودۆخدا دەكرێت، ئەویش لە كاتی هەبوونی ڕاپۆرتی پزیشكیی باوەڕپێكراو كە نەتوانێت وەك مامۆستا بەردەوام بێت.