ناوەندی ئاماری ئێران: هەڵاوسان گەیشتە %62 و نرخی خۆراك %133 بەرزبووەوە

عیراق 11:34 AM - 2026/07/18

پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكان لەگەڵ واشنتۆن‌و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، ئابووریی ئێرانیان تووشی شۆكێكی گەورە كردووە و نرخی پێداویستییە سەرەتاییەكان لە بازاڕەكاندا بە شێوەیەكی خەیاڵی بەرزبووەتەوە.

بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار جارێكی تر گەیشتەوە ئاستی جەنگی 40 ڕۆژەی ڕابردوو. لە ئێستادا لە بازاڕەكانی تاران، بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بۆ حەواڵە گەیشتووەتە 19 ملیۆن‌و 200 هەزار تمەن، هەروەها بەشێوەی كاش بەنزیكەی 17 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت. شارەزایان هۆشداری دەدەن كە ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بێت، بەمزووانە تمەن ئاستی 20 ملیۆن تێدەپەڕێنێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە سەدا 62، بەڵام بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە ڕێژەی سەدا 57 پۆینت 7ی ڕاگەیاندووە. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەكان لە بازاڕدا نیشانی دەدەن كە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە سەدا 88 پۆینت 6، كە ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بژێوی هاووڵاتییان دروست كردووە.

ناجێگیریی بەهای تمەن وایكردووە ئێرانییەكان متمانەیان بە دراوی وڵاتەكەیان نەمێنێت. زۆربەی هاونیشتمانیان تەنیا بۆ پێداویستی ڕۆژانە مامەڵە بە تمەن دەكەن و سەرمایەكانیان گۆڕیوە بۆ زێڕ یان یۆرۆ. ئەو ناجێگیرییە ئابوورییە لە كاتێكدایە كە وڵاتەكە پێشتر شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەری بووە بەهۆی دۆخی خراپی گوزەرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو