بەهۆی جەنگەوە نرخی نەوت 15٪ بەرزبووەتەوە

کوردستان 09:55 AM - 2026/07/18

دەستپێكردنەوەی جەنگ‌و سەپاندنی گەمارۆ و باجی نوێ بەسەر كەشتییەكاندا، نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا بە رێژەی 15% بەرزكردووتەوە.

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا‌و ئێران، نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە‌و لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا نرخەكەی بە ڕێژەی 15% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە 75 دۆلارەوە گەیشتە 87 دۆلار، هەروەها نەوتی تەكساس لە 72 دۆلارەوە بۆ 82 دۆلار بەرزبووەوە. تەنیا لە 2 ڕۆژی ڕابردووشدا، هەر بەرمیلێك 3 دۆلاری چووەتە سەر.

هۆكارێكی سەرەكیی هەڵكشانی نرخی نەوت بۆ بڕیارەكەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە كە جارێكی تر گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. واشنتۆن بڕیاری داوە 20% باج لەسەر تێپەڕبوونی هەر كەشتییەك لەو ناوچەیەدا بسەپێنێت. هاوكات مەترسییەكان لەسەر ئەگەری داخستنی گەرووی بابولمەندەب، كاریگەریی زیاتری لەسەر شڵەژانی بازاڕ دروست كردووە.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا‌و ئێران لەمانگی حوزەیراندا یاداشتێكی لێكگەیشتنیان ئیمزاكردبوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە توركیا لەڕۆژانی (07 و 08ـی تەممووز) ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران كۆتایی هاتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو