عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پێشوازیی لە لێكتێگەیشتنی نێوان بانكی ناوەندیی عیراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكای دەكات و دەڵێت، حەوت بانكی عیراق سزاكانی ئەمریكایان لەسەر هەڵدەگیرێتو دەتوانن مامەڵە بە دۆلار بكەنەوە.
عەلی زەیدی لە پۆستێكدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، "پێشوازی لەو لێكتێگەیشتنە دەكەین كە بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا پێی گەیشتووە، هەنگاوێكی گرنگە لە كاروانی چاكسازیی كەرتی بانكی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانی."
سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، 7 بانكی عێراقی ئامادە كراونەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو كەناڵەكانی پەیوەندیی بانكیی دەرەكی بە دراوە جیاوازەكان، وەك ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی، دوای ئەوەی مەرجەكانی پابەندبوون و حوكمڕانییان تەواو كردووە.
بەهۆی پابەندنەبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكانو تۆمەتی بەقاچاخبردنی دۆلار، تاوەكو ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر 28 بانكی عێراقی دا سەپاندووە و رێگریی لێكردوون مامەڵە بە دۆلارەوە بكەن.
بەگوێرەی راپۆرتەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەو بانكانە تێوەگلاون لە سپیكردنەوەی پارە، بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ كە لەژێر سزای ئەمریكادان، هەروەها پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ وەرگرتنی دۆلار لە مەزادی دراوی بانكی ناوەندی.