وەفدێكی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە ئۆزبەكستانە

کوردستان 10:47 AM - 2026/07/18

وەفدێكی باڵای بازرگانیی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتووە لە سەرۆك و ئەندامانی ژوورە بازرگانییەكانی شارە جیاوازەكان، بە سەردانێكی ڕەسمی لە كۆماری ئۆزبەكستانن. ئەم سەردانە بە مەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان و دروستكردنی هێڵێكی بازرگانیی ڕاستەوخۆیە لە نێوان هەردوولادا.

نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و جێگری سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەم سەردانە لەسەر داوای ڕەسمیی‌و لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازیی كۆماری ئۆزبەكستانەوە ڕێكخراوە. ئامانجی سەرەكی، پەرەپێدانی هاوكارییە ئابوورییەكان و هاندانی بازرگانیی ڕاستەوخۆیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆزبەكستاندا. 

وەفدەكە بە سەرپەرشتیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم ڕێكخراوە و بازرگانانی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە و كەركوك لەخۆدەگرێت. وەفدی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی كۆمەڵێك سێكتەری هەمەجۆر و گرنگ دەكات، لەوانە خۆراك و كشتوكاڵ، بازرگانی و بەرهەمهێنانی خۆراكی، كەرەستەی بیناسازی و وەبەرهێنانی خانوبەرە. 

ئامانجە سەرەكییەكانی سەردانەكە بە وتەی سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی چەندین هەنگاوی گرنگە، لەوانەش ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەیەكی ڕەسمی بۆ وەبەرهێنانی بازرگانی نێوان هەردوولا.

كردنەوەی بازاڕی نوێ و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ناساندن و گۆڕینەوەی بەرهەمەكانی ئۆزبەكستان و هەرێمی كوردستان. هەروەها پڕۆژەی هاوبەش، كە خۆی دەبینێتەوە لە دەستپێكردنی پڕۆژەی هاوكاری لە كەرتەكانی خۆراك، بیناسازی و قوماش.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، ئاسانكاری گواستنەوە، پەرەپێدان و ڕێكخستنی ڕێڕەوێكی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی بار لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆزبەكستاندا یەكێكی ترە لە ئامانجەكان.
وەفدەكە ژمارەیەك لە بازرگانانی بوارە جیاووزەكانی هەرێمی كوردستانی لەخۆگرتووە بۆ لە نزیكەوە ئاشنابون بە كارو پرۆژە بازرگانیەكانی ئوزبەكستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو