فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، هۆشداری لە هەوڵەكان بۆ تێوەگلانی عێراق لە ململانێ سەربازییەكانی ناوچەكە دەدات و دوایین پێشهاتەكانی پرسی داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكانیش ئاشكرا دەكات.
فوئاد حوسێن لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، عیراق بە هەموو شێوەیەك دژی درێژەكێشان و فراوانبوونی جەنگە لە ناوچەكەدا، بەڵام ئاشكرای كرد كە فشارێكی زۆر لەسەر وڵاتەكەی هەیە بۆ ئەوەی پەلكێشی ناو ململانێ چەكدارییەكان بكرێت. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەكرد كە بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە عێراق نزیكەی 200 كوژراوی هەبووە و زیانی ماددی زۆری بەركەوتووە، هاوكات لە سەرەتای جەنگەكەوە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتیش پەكیكەوتووە.
سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەكدارەكان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە كرد كە حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ ئەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ڕاشیگەیاند، تاوەكو ئێستا 3 گرووپی چەكدار بە كردەیی دەستیان كردووە بە تەسلیمكردنی چەكەكانیان بە حكومەت، بەڵام تەئكیدی كردەوە كە هێشتا هەڵوێستی هەردوو گرووپی (كەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا) بۆ تەسلیمكردنی چەكەكانیان یەكلا نەبووەتەوە و گفتوگۆ لەو بارەیەوە بەردەوامە.