ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق رایگەیاند، لە دۆسیەی گەندەڵی پەیوەست بە عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر دەیان ملیار دینار و زێڕ و سەدان هەزار دۆلاردا گیرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی عیراق ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان دەست بەسەر بڕە پارەیەکی زۆر و چەند کیلۆ زێڕێکدا گیرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشێک لە پارەکان لای چەند کەسێک بە ئەمانەت دانرابوون، بەشەکەی دیکەش لەناو دیواری چەند خانووێکدا بە شێوەیەکی تۆکمە حەشاردرابوون.
دادگاکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆی گشتی ئەو پارە و زێڕانەی لەم ئۆپراسیۆنەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتیین لە 25 ملیار دیناری عیراقی و 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی و چوار کیلۆگرام لە زێڕ و خشڵ.
هاوکات، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبارەکەدا هێشتا بەردەوامن، وەک بەشێک لە رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ دەسکەوتەکانی ئەم تاوانە و دەستنیشانکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون.