دەستەی دەستپاكی عیراق دوو لێپرسراوی باڵای لە پارێزگای دیوانیە دەستگیركرد و دەڵێت، ئەو دووكەسە بە پارە و بەرتیل هەوڵی وەرگرتنی پۆستی حكومییان داوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دێت كە دامەزراوە باڵاكانی عیراقی گرتووەتەوە.
دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، تیمێكی تایبەتی بەشی لێكۆڵینەوە و دەستگیركردن لە نووسینگەی پارێزگای دیوانیە، ئۆپراسیۆنێكیان لەناو بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای پارێزگاكە ئەنجامداوە. لەو هەڵمەتەدا بەڕێوەبەری فەرمانگەكە و جێگرەكەی دەستگیركراون، بە تۆمەتی ئەوەی بەرتیلیان داوە تاوەكو پۆستی حكومییان پێ بدرێت.
فەرمانی دەستگیركردنی ئەم دوو لێپرسراوە بەپێی فەرمانی دادوەر و پاڵپشت بە حوكمەكانی ماددەی 307 لە یاسای سزادانی عیراقی ئەنجامدراوە. دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرجەم بەڵگەنامەكان و تۆمەتبارەكان رەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت كراون، تاوەكو رێكاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر و بڕیاری كۆتاییان لەسەر بدرێت.
دەستگیركردنی ئەو دوو لێپرسراوە بەشێكە لەو هەڵمەتە فراوانەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دژ بە گەندەڵی و بۆ گەڕانەوەی سامانی گشتی دەستیپێكردووە. ئەم هەڵمەتە پێشتر بە دەستگیركردنی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستیپێكرد؛ دواتر لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026ـدا، دەستگیركردنی چەند بلێپرسراو و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بەدوادا هات.