قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەردوو وەزیری کاروباری دەرەوە و پیشەسازی و وزەی ئەلبانیا کۆبووەوە

کوردستان 11:34 PM - 2026/07/06

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە فێریت هۆکسا، وەزیری کاروباری دەرەوە و ئەوروپای ئەلبانیا و ئێنێیا کاراکاچی، وەزیری پیشەسازی و وزەی ئەلبانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات و بڕیادرا لەسەر پێکهێنانی گروپێکی کاری هاوبەش لە پسپۆڕانی هەردوولا بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لە بوارەکانی گەشتوگوزار و بازرگانیدا بڕەخسێنن و هەروەها هەماهەنگی دروست بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی پسپۆڕیی لە بوارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە خزمەتگوزارییەکاندا.
لە کۆبوونەوەش لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و وزەی ئەلبانیادا، باس لە ئەزمونی ئەو وڵاتە کرا لە چۆنییەتی پەرەپێدانی کەرتی وزە و بە تایبەتیش وزەی نوێبووەوە. لەمبارەیەشەوە جەخت کرایەوە لەسەر کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەردوولادا.
جێگری سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و تیرانادا بکرێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەربێت لە دروستکردنی پەیوەندیی گەشتیاری و کولتووری و بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو