قوباد تاڵەبانی ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری بۆ قیرکردنی شەقامێکی چەمچەماڵ تەرخانکرد

کوردستان 02:25 PM - 2026/07/06


جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی نیشاندا لەسەر تەرخانکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی قیرکردن و شەقامسازیی گەڕەکی مامۆستایان لە چەمچەماڵ.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 7ـی 2026، لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە نوێنەرانی گەڕەکی مامۆستایان (کە بە گەڕەکی 48یەکانیش ناسراوە) لە قەزای چەمچەماڵ کرا.
 
نوێنەری دانیشتوانی چەمچەماڵ داواکارییان پێشکەشی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کرد بۆ خزمەتگوزاری گەڕەکی مامۆستایان (48کان)، بەرپرسی نوسینگەی داواکارییەکەی گەیاند بە جێگری سەرۆک وەزیران و رەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانکردنی بڕی یەک ملیار و نیو دینار بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پڕۆژەی قیرکردن و شەقامسازی لەو گەڕەکەدا.

جێی ئاماژەیە، هاوکاری و بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە وەک قۆناغێکی تری گەشەپێدان و ئاوەدانی بۆ شاری چەمچەماڵ ئەژمار دەکرێن.
 
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی بڕیاری کۆبونەوەکە، شارەوانی و قایمقامییەتی چەمچەماڵ راسپێردراون کە پێویستە لە زووترین کاتدا راستەوخۆ دەست بە کارکردن لە پڕۆژەی گەڕەکەکەدا بکەن، تاوەکو بە تەواوی کۆتایی پێدێت.
 
ئەم کۆبوونەوە و بڕیارانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیاری دوێنێ یەکشەممە،  5ی تەمموزی 2026، قوباد تاڵەبانی بە دابینکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، کە راستەوخۆ شاری چەمچەماڵ و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.
 
هاوکات، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا چەند پڕۆژەیەکی تری خزمەتگوزاری، وەک دانانی بەردی بناغەی چەند قوتابخانەیەک و باخچەیەکی ساوایان لە قەزاکەدا رابگەیەنرێن.
 
هەر لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا و لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەفتەی داهاتوودا لە ناحیەی تەکیەی جەباری، بە بڕی 158 ملیۆن دینار پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای (بانی مەقان - تەکیەی جەباری) دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.
Previous slide



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو