ئەمڕۆ دووشەممە، 6-7-2026, هەڤاڵ ڕەوەند مەلا مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوک، بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لە وڵاتی چین کرد.
کۆڕبەندەکە کە لە رۆژانی 6 بۆ 14ی ئەم مانگە لە پەکینی پایتەخت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی چینەوە بەئامادەبوونی سەرکردایەتیی حیزبە چەپەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ئاسیا و ئەفریقا بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندەکە لەژێر ناوی سیمیناری نێودەوڵەتی سەبارەت بە بیرۆکەکانی شی جینپینگ بۆ سۆسیالیزمی تایبەت بە خەسڵەتە چینییەکان لە سەردەمی نوێ و جیهان، بەڕێوەدەچێت، کە تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لە بڕێگای گەیشتن بە نوسازی: وانە و ئەزموونەکانی چین لە تیۆری و پراکتیکدا بۆ کەمکردنەوەی هەژاری.
هەروەک ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆڕبەندە، قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و متمانەی سیاسییە لەنێوان حزبی کۆمۆنیستی چین و حیزبە چەپەکان و ئاشناکردنی ئەو حزبانەیە بە دوایین دەرەنجامە تیۆرییەکان و ئەزموونە زیندووەکانی نوسازی بە شێوازی چینی.
لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا، هەڤاڵ ڕەوەند مەلا مەحمود وتاری فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ قوربانیدانی گەلی کورد وەک نەتەوەیەک، کە ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیاباران و تەعریب بووەتەوە.
نوێنەری یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال، وەک زەروورەتێکی مێژوویی و هێزێکی چەپ لەپێناو ئازادیدا پێکهێنرا. ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێتی لە خەباتی رزگاری نیشتماندا، خاوەنی زۆرترین شەهید و قوربانییە لە کوردستان و ئەمڕۆش یەکێتی وەک حزبێکی کاریگەری هەرێم و عێراق و ناوچەکە، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر هەمان ڕێباز درێژە بە خەبات دەدات لەپێناو دادپەروەری، پێشکەوتن و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا کە تەرخان کرابوو بۆ دۆخی ئێستای گەشەی هێزە چەپەکان لە جیهانی عەرەبی و داهاتوویان.
هەڤاڵ ڕەوەند مەلا مەحمود ڕۆڵی ئابووری و تەکنەلۆژیی کۆماری میلیی چین-ی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، بەتایبەتی ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی چین کرد لە بوارەکانی وزەی خۆر، بونیادنانەوەی ژێرخان و کەرتی ئۆتۆمبێلدا، و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و پەرەپێدانی ئابووری وەسفی کرد.
لە کۆتاییشدا، خواستی یەکێتیی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانە و مێژووییەکانی نێوان یەکێتی و حزبی کۆمۆنیستی چین و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی چین لە بواری نوسازی و کەمکردنەوەی هەژاری دووپاتکردەوە.