ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت كەمێك دابەزینی بەخۆوە بینی ، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس رازی بوو لەسەر زیادكردنی ئامانجەكانی بەرهەمهێنان لە مانگی داهاتووەوە.
لە یەكەم رۆژی كردنەوەی بازاڕەكانی ئەم هەفتەیە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 0.33% دابەزی و گەیشتنە 71دۆلار و 88 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك. نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكاش 11 بۆ 68دۆلار و58 سەنت دابەزی .
هەفتەی رابردوو نرخەكانی نەوت گۆڕانكاریی كەمیان بەخۆیەوە بینی، دوای دابەزینە بەرچاوەكانی لە كۆتایی مانگی رابردوودا. بازرگانان ئێستا بەوردی چاودێری گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكەن كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پاكستان بەڕێوەبچن و بابەتەكانی پەیوەست بە چارەنووسی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز و چەندین بابەتی تری وەك پارە بلۆككراوەكانی ئێران و پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە تاوتوێ بكرێن.
رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی، لەوانەش رووسیا، رۆژی یەكشەممە رێككەوتن ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی ئابدا بە بڕی 188 هەزار بەرمیلی تر لە رۆژێكدا زیاد بكەن، ئەمەش جگە لەو زیادكردنەی كە بۆ مانگەكانی حوزەیران و تەممووز دیاریكرابوو.
هەروەها وڵاتانی كەنداو دەستیان كردووە بە گەڕانەوەی ئەو بڕە نەوتەی كە لە كاتی جەنگی ئێراندا وەستابوو. بەپێی راپۆرتەكان، بەرهەمی نەوتی ئۆپێك لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیادی كردووە و گەیشتووەتە 19ملیۆن و 430 هەزار بەرمیل، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا دابەزیبوو.