فایەق زێدان بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە تاران

عیراق 11:22 AM - 2026/08/25

لەسەر بانگهێشتی دەسەڵاتی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێران بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری  عیراق بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە تاران .

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان لەلایەن ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای دادوەریی ئێرانەوە پێشوازی لێكراوە و ئامانجی سەرەكی ئەم سەردانەش بریتییە لەپتەوكردنی پەیوەندییە دادوەرییەكان ‌و گفتوگۆكردن لەسەر ڕێگەكانی پەرەپێدانی هەماهەنگیی یاسایی‌ و دادوەریی لەنێوان بەغداد و تاران.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت چەند ڕێككەوتن ‌و لێكتێگەیشتنێك لە بواری ئاڵوگۆڕی ئەزموونی یاسایی ‌و دادوەریدا ئیمزابكرێن ‌و تاووتوێكردنی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانەی هەردوو وڵات كە لەلایەنەكەی دیكە زیندانیكراون یان لەلایەن دادگاوە داواكراون، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی لەچوارچێوەی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكاندا گفتوگۆی جدییان لەبارەوە بكرێت.

هاوكات هەماهەنگی لەدۆسیەكانی پێوەست بەتیرۆر و تاوانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كە كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵات هەیە یەكێكی دیكە دەبێت لەپرسەكانی نێوانیان ‌و بڕیاریشە لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا، فایەق زێدان لەگەڵ غوڵام حسێن موحسنی ئێژەیی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ‌و ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای دیكەی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

ئەم سەردانە لەكاتێكدایە كە عیراق‌ و ئێران خاوەن پەیوەندییەكی توندوتۆڵی یاسایی‌ و ئەمنین‌ و هەردوولا هەوڵدەدەن لەڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەكانەوە كێشە سنوریی ‌و یاساییەكانی نێوانیان ڕێكبخەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو