جێگری سەرۆکی هەرێم بەشداریی لە مەراسیمی کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی هێزی هاوپەیمانی ئەڵمانیا کرد

کوردستان 10:53 PM - 2026/08/25

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٨/٢٥ لە شاری هەولێر، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی هێزی هاوپەیمانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازیی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە تیایدا بەشدار بوون، لە وتارێکیدا بەڕێز کۆڵۆنێڵ ثۆرستن پیچا، فەرماندەی سەربازیی هێزی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، سوپاسی پاڵپشتی و هاریكاریی لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی لە ماوەی رابردوودا كرد، بە تایبەت لە هەماهەنگیکردنی هێزەکانیان و سەرکەوتنیان بە سەر تیرۆریستانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاس و پێزانينی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامى ئەڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و وەک هەمیشە رۆڵی هێزی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەکانی دژ بە داعش، مەشق و راهێنانەکانیان بە پێشمەرگە، رۆڵ و کاریگەرییان لە سەر پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتییە لۆجستیەکانی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو