بودجەی پڕۆگرام بۆ ساڵی 2027 پەیڕەو دەكرێت

کوردستان 02:20 PM - 2026/07/06

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە بۆ ساڵی نوێی دارایی، شێوازی داڕشتنی بودجە بگۆڕێت، ئەمەش بە ئامانجی زیادكردنی شەفافیەت و بەستنەوەی خەرجییەكان بە ئەنجامە راستەقینەكانەوە.

جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، عیراق بۆ ساڵی نوێ پەنا بۆ بودجەی پڕۆگرام دەبات، كە ئەمەش وەك وەرچەرخانێكی كارگێڕی و دارایی لە وڵاتەكەدا دەبینرێت.لە بودجەی پڕۆگرامدا، تیشكی سەرەكی دەخرێتە سەر ئامانج و ئەنجامەكان، نەك تەنیا بڕگە و خەرجییەكان.

لەم سیستمەدا چالاكییەكانی حكومەت دابەش دەكرێن بۆ چەند پڕۆگرام و پڕۆژەیەكی دیاریكراو، هەروەها پێوەری تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی وەزارەتەكان دادەنرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند كارەكانیان ئەنجام و دەستكەوتی هەبووە.یەكێك لە سوودە سەرەكییەكانی ئەم جۆرە بودجەیە، زیادكردنی شەفافیەت و لێپرسینەوەیە لە حكومەتدا. عیراق دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بكات و خەرجییەكان بە ئامانجە گەشەپێدەرەكانەوە ببەستێتەوە. ئەم سیستمە  ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێت چونكە شەفافیەتێكی زیاتر بە پڕۆسە داراییەكان دەبەخشێت.

سەرەڕای سوودەكانی، جێبەجێكردنی بودجەی پڕۆگرام لە عیراقدا رووبەڕووی چەند ئاستەنگێك دەبێتەوە. ئەم جۆرە بودجەیە پێویستی بە كادری پسپۆڕ و شارەزا هەیە، هەروەها تێچووی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی زۆرە. لە هەمان كاتدا، پێویستییەكی زۆری بە سیستمێكی زانیاری و داتای ورد و نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكان بكرێت.

بودجەی ساڵانی ڕابردووی عیراق پشتی بە پۆلێنكردنی خەرجییەكان دەبەست، وەك مووچە، كرێ و تێچووی خزمەتگوزارییەكان، كە تەنیا پشت بە چاودێریی دارایی و یاسایی دەبەستێت. ئەگەرچی ئامادەكردنی بودجەی ئاسایی ساكارترە، بەڵام ناتوانێت وەك بودجەی پڕۆگرام بەدواداچوون بۆ كوالێتی و ئەنجامی كارەكان بكات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو