ماڵپەڕی ئەكسیۆس بڵاویكردەوە، ئێران دوو كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز پێكاوە و رەنگە ئەمریكاش وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی بەریتانیا بە ئامانجگرتنی كەشتییەكی راگەیاند.
لێپرسراوێكی ئەمریكی بە ماڵپەڕی ئەكسیۆسی راگەیاندووە، سوپای پاسداران دوو مووشەكی بە ئاڕاستەی ئەو كەشتییە بازرگانییانە هەڵداوە، كە گەرووی هورمز تێدەپەڕێنن، هێرشەكەش زیانی گەورەی بە دوو كەشتی گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەكەوتووەتەوە. ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەكردووی، رەنگە ئەمریكا وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە و پێگەكانی ئێران بكاتە ئامانج.
پێش ئەم راگەیاندنە، دەستەی ئۆپراسیۆنەكانی بازرگانی دەریایی بەریتانیا بڵاویكردبووەوە، كەشتییەكی نەوت لە كەناراوەكانی سوڵتاننشینی عومان لە گەرووی هورمز بە ئامانج گیراوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە، بەڵام رووداوەكە زیانی گیانی و ژینگەیی لێنەكەوتووەتەوە و لەكاتێكدا بووە كە ئەو كەشتییە بەڕێگەوە بووە بەرەو كەنداوی عومان.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوێنێ شەش بارهەڵگری گەورەی نەوت كە نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتیان پێبووە، گەروی هورمزیان تێپەڕاندووە.