نزیكەی 50 دەستبەسەركراو كە زیاتر لە 12 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقو لێپرسراوانی وەزارەتی نەوتو بەشێك لە راوێژكارانی پێشووی حكومەت لە ناوەندەكانی دەستبەسەركردندا راگیراون، كە لەلایەن دەستەی دەستپاكی عیراقەوە بەڕێوەدەبرێن لە ناوەڕاستی شاری بەغداد.
ئەوان لە دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵیدا دەستبەسەرن كە عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزیری نەوتی عیراقی تێدایە، ناوبراو دوای دەستگیركردنی مانگی رابردوو دانی ناوە بەوەی لێپرسراوانی تر تێوەگلاون لە مامەڵە و گرێبەستە گەندەڵییەكان، كە ملیۆنان دۆلاریان لێ وەرگرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوە عیراقییەكانی ئاگادار لە دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەكان، كە قسەیان بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید كردووە، تائێستا دەستگیركراوەكان لەژێر لێكۆڵینەوەدان و سەردانیكردنیان لێ قەدەغەكراوە.
ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان كردووەتەوە، هیچ كام لە دەستبەسەركراوەكان رووبەڕووی ئازاردانی جەستەییو ترساندن نەبوونەتەوە، بەڵام زۆرینەیان لە چەند سەعاتی یەكەمی لێپرسینەوەدا دانیان بە تۆمەتەكاندا ناوە.
جگە لەوەش دەسەڵاتی ئەمنییو دادوەریی گەڕانو پشكنینان بۆ مۆبایلەكانیان كردووە، ئەمەش بووە هۆی دۆزینەوەی زانیاریی نوێ كە دەستگیركراوەكان دانیان پێدا ناوە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، بەشێك لە دەستگیركراوەكان تووشی شۆك بوون، ئەمەش بووەتە هۆی هەرەسهێنانیان، بەجۆرێك یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە ژنە پەرلەمانتارێكە، بۆ جاری دووەم لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و بێهۆش بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ شوێنی دەستبەسەركردنی تا هۆشی هاتووەتەوە، دەستگیركراوێكی تر تووشی مەینی خوێن بووە، كە بە خێرایی لەلایەن پزیشكانی شوێنی دەستبەسەركردنەكەوە چارەسەری بۆكراوە.
سەبارەت بە وردەكاری بارودۆخی دەستبەسەركردنیان، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، تەلەفزیۆنیان بۆ دانراوە، بەڵام ئیدارەی زیندانەكە كۆنترۆڵی ناوەڕۆكەكەی دەكاتو سنودارە بە پەخشكردنی تەنها كەناڵێكی وەرزشی دیاریكراو.
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكایەتی پەرلەمان راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە تایبەتی دوای كۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، بە ڕەسمی موسەنا سامەڕایی و هیند عەباسی كە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر كراون، لەڕێی پێشكەشكردنی داوایەك بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان شوێنەكانیان دەگۆڕێتو پەرلەمانتاری تر دەچێتە شوێنیان، رەنگە دوای ئەوە بەیاننامەی ڕەسمی تریش دەربكرێت بۆ گۆڕینی ئەو پەرلەمانتارانەی تر كە تێوەگلاون لە گەندەڵییدا.