دووشەممە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عیراق دەستپێدەكاتەوە

کوردستان 01:44 PM - 2026/07/04

دوای كۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوودا بڵاوكرایەوە‌و دانیشتنەكان لە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆوە دەستپێدەكەنەوە.

بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و لیژنەی یاسایییەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ 32 ماددەی پێشنیازی یاسای تاوانەكانی تەكنەلۆژیای زانیاریی دەكرێت.

بەپێی خاڵی دووەمی كارنامەكەش، لەلایەن لیژنەی یاساییەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ 26 ماددەی پێشنیازی یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای چاودێریكردنی نەبەكامەكان ژمارە (78)ی ساڵی 1980 دەكرێت.

بەپێی خاڵی سێیەمی كارنامەكەش، لەلایەن لیژنەی یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ 27 ماددەی پێشنیازی یاسای هەمواركردنی یاسای پارێزەری ژمارە (173)ی ساڵی 1965 دەكرێت.

لە بڕگەی چوارەمی كارنامەكەشدا، لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ 8 ماددەی پێشنیازی یاسای دابینكردنی دارایی بۆ بەهێزكردنی سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانیی عیراق دەكرێت.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو