پێگەی سیاسی و ئایینی ئەو پێنج شارەی بۆ بەڕێكردنی تەرمی عەلی خامنەیی دیاریكراون، ڕەهەندی جیاوازی مێژوویی و ستراتیژییان هەیە و هەر یەكێكیان پەیامێكی تایبەت لەبارەی ناسنامەی كۆماری ئیسلامی دەگەیەنن.
یەكەم: تاران؛ ناوەندی بڕیاری سیاسی و نیشاندانی یەكڕیزی.
ڕێوڕەسمی گشتی لە مەیدانی موسەڵای تاران دەستیپێكرد، كە یەكێكە لە گرنگترین شوێنەكان بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان. ئەم شوێنە ژیانی ئایینی و دەسەڵاتی دەوڵەتی بەیەكەوە گرێداوە و نیشاندانی یەكڕیزی و پشتیوانییە لە دەسەڵات. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكە لە پایتەخت، كە بنكەی سەرۆكایەتی، پەرلەمان و بارەگا سەربازییەكانە، پەیامی بەردەوامیی سەركردایەتی وڵاتەكە لە ناوەندی سیاسییەوە دەگەیەنێت.
دووەم: قوم؛ مەڵبەندی پەروەردەی ئایدۆلۆژی و ئایینی.
دوای تاران، تەرمەكە دەبرێتە شاری قوم كە ناوەندی كاریگەرترین قوتابخانە ئایینییەكانی وڵاتەكەیە. ئەم شارە ڕۆڵێكی سەرەكی لە داڕشتنی ئایدۆلۆژیای كۆماری ئیسلامیدا هەیە. گێڕانی پرسە لەم شارە، تیشك دەخاتە سەر دەسەڵاتی ئایینی خامنەیی و دەرفەتێكە بۆ پیاوانی ئایینی باڵا و خوێندكاران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەكەدا، هاوكات ئەم شارە مەزاری فاتیمە مەعسومەی تێدایە.
سێیەم و چوارەم: نەجەف و كەربەلا؛ ڕەهەندی جیهانی و مەزاری ئیمامەكان.
شاری كەربەلا بەهۆی مەزاری ئیمام حوسێن و نەجەف بەهۆی مەزاری ئیمام عەلی، گرنگییەكی جیهانییان بۆ شیعەكان هەیە. نەجەف ناوەندێكی زانستیی ئایینییە و زۆرێك لە پیاوە ئایینییەكان لەوێ خوێندوویانە. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم لەم دوو شارە جەخت لەسەر پێگەی خامنەیی لەناو جیهانی شیعە لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران دەكاتەوە و تیشك دەخاتە سەر پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی و كۆمەڵگەی شیعە لە وڵاتانی دیكە.
پێنجەم: مەشهەد؛ زێدی لەدایكبوون و ئارامگەی كۆتایی.
قۆناغی كۆتایی ڕێوڕەسمەكە لە مەشهەد دەبێت، كە پیرۆزترین شاری ئێرانە و مەزارگەی ئیمام ڕەزای تێدایە. ئەم شارە بۆ خامنەیی بایەخی تایبەتی هەیە چونكە لەوێ لەدایك بووە و سەرەتای ژیانی لەوێ بەسەر بردووە. ناشتنی لەم شارەدا دەبێتە هۆی پاراستنی ئەزموونە ئایینییەكەی لە یادی شیعەكاندا، بەوپێیەی مەشهەد شوێنێكە كە تێیدا ناسنامەی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی خامنەیی بەیەك دەگەن.