وەزیری كشتوكاڵی ئێران: لە سەردەمی رەئیسی دا گرێبەستی كشتوكاڵیمان لەگەڵ ئەمریكا هەبووە

عیراق 01:26 PM - 2026/07/02

وەزیری كشتوكاڵی ئێران دان بەوەدا دەنێت وڵاتەكەی لە سەردەمی كابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری پێشووی ئێران، گرێبەستی كشتوكاڵییان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمركییەكان هەبووە و دەشڵێت، گرێبەستەكان لە ڕێگەی سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییەوە كراوە.

دوای ئەوەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لە كڕینی بەرهەمی كشتوكاڵی لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە سەردەمی ئیدارەی رەئیسیدا كردبوو، دەستبەجێ قسەكانی لە پەخشی تەلەفزیۆنەكانی وڵاتەكە راگیرا.

بەڵام دواتر غوڵام رەزا نوری قزڵچە، وەزیری كشتوكاڵی ئێران هاتەسەر خەت و قسەكانی قالیبافی پشتڕاستكردەوە‌و ڕایگەیاند، بەشێك لە گرێبەستە كشتوكاڵییەكان لە ڕێگەی سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیەوە كراوە. وتیشی، گرێبەستەكان تەنیا لە ڕێگەی هەندێك كۆمپانیایی دیاریكراوی ئەمریكییەوە بوون.

نووری قزڵچە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆر و ماددە كشتوكاڵییەكان بكات باسی لەوەكرد، ئەو بازرگانییە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر نرخی بەرهەمەكان لە ناوخۆی وڵات نەبووە و نرخەكان لەسەر بنەمای یاساكانی خۆیان لە بازاڕەكانی ئێراندا مامەڵەی پێوە كراوە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، سەروەت و سامانی ئازادكراوی ئێران تەنیا بۆ كڕینی خۆراك و بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیارانی ئەمریكی بەكاردەهێنرێت، لێپرسراوانی ئێرانیش تەئكید دەكەنەوە، خۆیانن بڕیار دەدەن چی لە پارەكانیان بكەن.




بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو